بەرنامە و پێڕەو

 

KURDISTAN WRITERS ASSOCIATION

ناوەندی نووسەرانی کوردستان

پێڕەوی نێوخۆیی

پەسندکراوی سێیەمین کۆنفرانسی ناوەند

فایلی پی دی اف 

٢٥ ـ ٢٦ی بانەمەڕی ٢٧٢١ی کوردی

١٥ ـ ١٦ی مانگی مەی ٢٠٢١ی زایینی


 

پێشەکی؛

 

سەرەتاکانی هەزارەی سێیەم و لە ئاکامی گلوبالیزم و بەرینبوونەوەی پێوەندییەکانی مرۆڤەوە، گۆڕانکارییەکی مەزنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتی هاتە ئاراوە کە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر بزووتنەوەی فەرهەنگی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دانا. ئەم گۆڕانکارییە، پێویستیی دامەزراندنی ناوەندێكی پیشەیی و دێمۆکراتیکی بۆ نووسەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەرخست، ناوەندێک کە لە پێناو پاراستنی ئازادی و کەرامەتی نووسەران بە تایبەت لە فەزای داخراو و پڕ لە سانسۆر لە ئێراندا، تێبکۆشێت. دیالۆگ و فەزای کۆڕ و کۆبوونەوەکانی نووسەرانی ڕۆژهەڵات لە ناوخۆ و دەرەوەی رۆژهەڵات، بەستێنەکانی (کانوونی نووسەرانی کوردستان)یان پێک هێنا کە، کانوون ببێتە مەکۆی کۆکردنەوەی تواناییەکانی نووسەران و ناوەندێک بۆ پشتیوانیی لە ئازادیی دەربڕین و مەکۆیەک بۆ دیالۆگی ڕەخنەگرانە. سەرەنجام لە رێکەوتی ١ی ژوئەنی ٢٠٠٤ی زایینی لە لایەن ئەندامانی لیژنەی دامەزرێنەری دانیشتووی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، پێڕەو و پرۆگرامێکیان بۆ کار و تێکۆشانی کانوونی نووسەران پەسند کرد، کە بە ناوی "کانوونی نووسەرانی کوردستانی ئێران"ەوە دەستی بە کارەکانی خۆی کرد.

 

بە هۆکاری بارودۆخی ژیان و نووسین و فەزای داخراوی فەرهەنگی بەسەر کوردستاندا، ئەندامانی لیژنەی دامەزرێنەری کانوونی نووسەران دەرفەتی چالاکی رێکخراوەیی ئازادانەیان نەبووە و نییە کە بتوانن لە پانتایی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، درێژە بە کار و تێکۆشانی خۆیان بدەن. بەربەستی مۆڵەتی کاری فەرهەنگی و پیشەیی، ئازادیی ڕادەربڕێن، سانسۆر، سەرکوت و راوەدوونانی نووسەران، پێویستیی دامەزرانی کانوونی لە دەروەی وڵات بۆ بەردەوامیی کار و تێکۆشانی خۆی دەستنیشان کرد.

پێکهاتەی ئەندامانی ناوەندی نووسەران، فرەدەنگ و فرە سیمایە، هەم لە بواری ئایدۆلۆژی و هزرییەوە و هەم لە بواری جوگرافیای زمانی و ناوچەییەوە، بۆیە ناوەندی نووسەران رێکخراوێکی پیشەیی و چەترییە و هاوکات مەکۆیەکە بۆ هەموو نووسەران کە لە پانتایی ئەدەبیات، فەرهەنگ و هونەردا چالاکی دەنوێنن و بەرهەمەکانیان بۆ کۆمەڵگەی کوردستان بڵاو دەکەنەوە. لەم ڕوانگەیەوە، ناوەندی نووسەران پێگەیەکە بۆ گەیاندن و پێگەیاندنی نووسەران، هونەرمەندان، هەروەها بە پشتبەستن بە تێلۆرانس، ئازادیی ڕادەربڕێن و متمانە، ناوەندێکە بۆ پێکەوەبوون،  پێکەوەکارکردن و پێکەوە بونیادنان. 

 

ناوی "کوردستان" فەزایەکی واتادارە بۆ مانابەخشین بە پێوەندیی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی نووسەرانی کورد بە جوگرافیا و نیشتمانێکی دیاریکراو بە ناوی "کوردستان" کە، بەشێکە لە گێڕانەوەی دنیای ئەدەبیات و هونەری ئێمە و ناسنامەی نەتەوەیی پێ دەبەخشێت. لەم تێڕوانینەوە پاش گفتوگۆیەکی ئازاد لە کۆنفرانسی سێیەمدا، ناوی "کانوونی نووسەرانی کوردستانی ئێران" گۆڕدرا بۆ "ناوەندی نووسەرانی کوردستان". دنیای کار و تێکۆشانی ناوەندی نووسەرانی کوردستان جێگای بیر و داهێنانی هەموو نووسەران و هونەرمەندانی کوردستان دەبێتەوە و هاوئاراستە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی دنیادا کە بە "کۆمەڵگەی وێنەیی" ناوەزد کراوە، هەنگاو دەنێت. وەک دەبینین کە تێکست یان نووسین، مانایەکی بەرفراونی لەخۆی گرتووە کە بە مۆڵتی مۆدال تێکست (Multimodal texts) ناودێر دەکرێت. لەم سۆنگەیەوە نووسەران پێوەندییەکی پتەو و هەمیشەییان لەگەڵ هونەرمەنداندا هەیە بۆ ئافراندنی بەرهەمە ئەدەبی، فەرهەنگی و هونەرییەکانیان و ناوەندی نووسەرانیش بەستێنێکی کراوە دەڕەخسێنێ بۆ پێکەوەکارکردنی نووسەران و هونەرمەندانی کوردستان.

 

پێڕەوی نێوخۆیی "ناوەندی نووسەرانی کوردستان" کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە لایەن کۆنفرانسی سێیەمی ناوەندی نووسەرانەوە و، لە رێکەوتی ٢٥ ـ ٢٦ی بانەمەڕی ٢٧٢١ی کوردی بەرانبەر بە ١٥ ـ ١٦ی مانگی مەی ٢٠٢١ی زایینی، لە لایەن ئەندامانی کۆنفرانس و لیژنەی ڕاسپێردراو بۆ پێداچوونەوە، پەسند کراوە.

 

بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆیی؛

 

§ بەندی یەکەم؛

خاڵی یەکەم؛ ناو:

 ناوەندی نووسەرانی کوردستان

 

خاڵی دووەم؛

 پێناسەی ناوەند؛

ناوەندی نووسەرانی کوردستان، ڕێکخراوێکی فەرھەنگی، ئەدەبی، ھونەریی سەربەخۆیە کە لەپێناو خزمەت بە فەرھەنگ، ئەدەب و ھونەری کوردی و، بۆ بەھێزکردنی بزووتنەوەی فەرھەنگی و ڕۆشنگەری لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان، تێدەکۆشێت.

 

§ بەندی دووەم؛

ئامانجە گشتییەکان؛

ناوەندی نووسەرانی کوردستان، لەسەر بنەمای ئەم ئامانجانە دامەزراوە و هەوڵ بۆ جێبەجێکردنیان دەدات:

 

خاڵی یەکەم؛

گەشەپێدان بە فەرهەنگ، ئەدەب و هونەر لە کوردستاندا، لە ڕێگای هەموو کاناڵەکانی پێوەندی و دەربڕینەوە لە پێناو کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دێمۆکراتیک، بە ئاراستەی یەکسانیی کۆمەڵایەتیدا.

 

خاڵی دووەم؛

 پەرەپێدان بە بزووتنەوەی فەرھەنگی، ئەدەبی و ھونەریی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و پێکهێنانی پردێکی پێوەندی لە نێوان نووسەرانی ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان.

خاڵی سێیەم؛

 ڕەخساندنی فەزایەک بۆ دیالۆگی ڕەخنەگرانە لە هەموو رەهەندێکی پێوەندیگرتن لە دنیای ئەمڕۆدا کە هەموو بوارە میدیاییەکانی وەکوو تەلەفیزیۆن، رادیۆ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەگرێتەوە.

 

خاڵی چوارەم؛

 پشتگیری لە ئازادیی ڕادەربڕێن و هەموو لایەنەکانی مافی مرۆڤ، بە پێی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ و پشتیوانی لە چالاکانی فەرهەنگیی کوردستان کە لە ژێر مەترسیی سەرکوت، سانسۆر و راوەدووناندان و، هەڕەشەی فیزیکی و دەروونییان لەسەرە.

 

خاڵی پێنجەم؛

 دروستکردنی پردێکی پێوەندیی فەرهەنگی لە نێوان نووسەرانی کورد لەگەڵ ناوەندە فەرهەنگییەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژئاواییدا کە، باوەڕیان بە پرینسیپ و بەها دێمۆکراتیکەکان هەیە و ڕێز لە فرەکولتووری و فرەنەتەوەیی دەگرن.

 

خاڵی شەشەم؛

 پشتیوانی لە فرەدەنگی و جیاوازی (پلۆرالیزمی فەرهەنگی) لە پانتایی بزووتنەوەی فەرهەنگیی کوردستاندا و هەڵوێستگرتن سەبارەت بە ڕووداوە فەرهەنگی، ئەدەبی و هونەرییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. 

 

خاڵی حەوتەم؛

 پشتگیری لە چاپ و بڵاوکردنەوەی بەرهەم و پاراستنی مافی کۆپی ڕایتی نووسەران.

 

خاڵی هەشتەم؛

 داڕشتنی پلانی فەرهەنگی بۆ وەرگێڕانی بەرھەمی نووسەرانی بیانی بە زمانی کوردی، هەروەها وەرگێڕانی بەرھەمی نووسەرانی کورد بۆ زمانەکانی دنیا و، چاپ و بڵاوکردنەوەیان.

خاڵی نۆیەم؛

 گرینگیدان بە توێژینەوەی مەیدانی، زانستی و زمانناسانە لە هەموو ئاستەکانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان، بە پێی بەها ئەخلاقییەکانی داهێنان. هاوکات گرینگیدان بە زاراوەکانی زمانی کوردی وەک سەرچاوەی پلۆرالیزمی فەرهەنگی و دێمۆکراسی لە ئایندەی کوردستاندا.

 

خاڵی دەیەم؛

 گرینگیدان بە ئەدەبیات و هونەری منداڵان لە هەموو ئاستەکانی فەرهەنگ و لە ڕوانگەی پەرەگرتنی سەقامگیر(Sustainable development)ەوە، هەروەها پشتگیری لە کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵان.

 

§ بەندی سێیەم؛

پێکهاتەی ڕێکخراوەیی ناوەندی نووسەرانی کوردستان

 

خاڵی یەکەم؛

 ناوەندی نووسەرانی کوردستان، لەم بەشانە پێک دێت:

ئەلف) کۆنفرانسی گشتی

بێ) دەستەی چاودێری

پێ) دەستەی بەڕێوەبەری

 

ئەلف) کۆنفرانسی گشتی

پێناسەی کۆنفرانسی گشتی؛

- کۆنفرانسی گشتی، بریتییە لە کۆبوونەوەی ئەندامانی ناوەند کە هەر سێ ساڵ جارێک و، بە بەشداریی نیوەی زێدەی یەکی ئەندامانی کارای ناوەندی نووسەرانی کوردستان، بەڕێوە دەچێت.

 

ئەرکەکانی کۆنفرانسی گشتی

- پەسەندکردنی ڕاپۆرتی دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندی نووسەران بۆ کۆنفرانس.

- پێداچوونەوە و ئاڵوگۆڕپێکهێنان لە بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆیی ناوەنددا.

- هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەریی نوێ.

- هەڵبژاردنی دەستەی چاودێریی نوێ.

- ڕاسپاردنی دەستەی بەڕێوەبەری بۆ بەجێگەیاندنی هەرچەشنە پڕۆژە و گەڵاڵەیەک کە بە پێویستی بزانێ بۆ کار و چالاکیی داهاتووی ناوەند.

 

بێ) دەستەی چاودێری

- دەستەی چاودێری لە لایەن کۆنفرانسی گشتیی ناوەندە هەڵدەبژێردرێت و ئەرکی چاودێریکردنی کاروباری ناوەند و دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندی نووسەرانی لە ماوەی دوو کۆنفرانسدا لە ئەستۆیە.

 

تێبینیی یەکەم؛ گواستنەوەی گەڵاڵە و بۆچوونەکانی ئەندامانی ناوەندی نووسەران بۆ دەستەی بەڕێوەبەری و کۆنفرانسی گشتی.

 

تێبینیی دووەم؛ چاودێریی بەڕێوەچوونی یاسایی میکانیزمەکانی بەڕێوەبەردنی ناوەندی نووسەران بە پێی پێڕەوی ناوخۆ.

 

تێبینیی سێیەم؛ دانەوەی ڕاپۆرتی  دەستەی چاودێری لەسەر چالاکییەکانی ناوەند بە کۆنفرانسی گشتی.

 

پێ) دەستەی بەڕێوەبەری

پێناسەی دەستەی بەڕێوەبەری

ـ دەستەی بەڕێوەبەری، بریتییە لە ١٣ کەس (ئەندامانی سەرەکیی دەستەی بەڕێوەبەری) و دوو کەس وەک جێگری دەستەی بەڕێوەبەری کە لە ئەندامانی ناوەندی نووسەران لە ناوخۆی ڕۆژهەڵات و دەرەوەی وڵات و نیشتەجێی باشووری کوردستان و لە کۆنفرانسی گشتی و بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی کۆنفرانس بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ناوەندی نووسەران بۆ ماوەی سێ ساڵ هەڵدەبژێردرێن.

 

تێبینیی یەکەم؛ رێژەی ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی بە پێی هەلومەرج لە لایەن کۆنفرانسی گشتییەوە، پەسند دەکرێت.

 

ئەرکەکانی دەستەی بەڕێوەبەری:

 – دانانی بەرنامەیەکی نێوخۆیی بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ناوەندی نووسەران.

  ڕاپەڕاندنی کار و پلان و بەرنامەکانی ناوەندی نووسەران.

– دانەوەی ڕاپۆرتی کاری بە کۆنفرانسی گشتیی ناوەندی نووسەران.

– جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی کۆنفرانس و پاراستنی پێگەی ناوەندی نووسەران.

ـ  دیاریکردنی بەرپرس و وتەبێژی ناوەندی نووسەرانی کوردستان بە زۆرینەی دەنگی دەستەی بەڕێوەبەری.

- دامەزراندنی چەند لیژنەیەکی کاری بۆ راپەڕاندنی ئەرکەکانی ناوەند.

ـ دیاریکردنی بەرپرسی لقەکانی کارو تێکۆشانی ناوەندی نووسەران بە پێی هەلومەرج.

ـ ئامادەکاری بۆ بەڕێوەبردنی کۆنفراسی گشتیی ناوەند.

– دەستنیشانکردنی ھاوکار بۆ بەش و لیژنەکانی دەستەی بەڕێوەبەری.

 

§ بەندی چوارەم؛

پێکهاتەی دەستەی بەڕێوەبەری؛

 پێکهاتەی دەستەی بەڕێوەبەریی بریتییە لە بەرپرسی گشتی، وتەبێژ، بەرپرسی لقەکانی ناوەند، و هەردوو بەشی ڕێکخستن و چاپ و بڵاوکردنەوە.

 

خاڵی یەکەم؛

بەرپرسی گشتی؛

بەرپرسی گشتی لە یەکەمین کۆبوونەوەی پاش کۆنفراس، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری هەڵدەبژێردرێت. 

 

ئەرکەکانی بەرپرسی گشتی؛

ـ هاوئاهەنگی و ڕێکخستنی کاروباری ئیداری و فەرمیی ناوەند.

ـ  چاودێری، بەشداریی کارا و هاوئاهەنگی لە کار و چالاکیی پێکهاتەی ناوەنددا.

ـ دیاریکردنی کۆبوونەوەی ساڵانەی دەستەی بەڕێوەبەریی بۆ پێداچوونەوە بەسەر کاروباری ناوەنددا.

- وەڵامدەربوون لە بەرانبەر دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەنددا.

 

خاڵی دووەم؛

 وتەبێژی ناوەند؛

 لە لایەن دەستەی بەڕێوەبەرییەوە هەڵدەبژێردرێت.

 

ئەرکەکانی وتەبێژی ناوەند؛

ـ لێدوانی فەرمی بە ناوی دەستەی بەڕێوەبەرییەوە لە میدیا و ڕاگەیەنە گشتییەکاندا.

ـ ڕچاوکردنی ئامانجە گشتییەکانی ناوەند لە میدیاکاندا.

ـ هاوئاهەنگی لەگەڵ دەستەی بەڕێوەبەریی لە پێوەندیی لەگەڵ ناوەرۆکی لێدوانی میدیایی لە کاتی پێویستدا.

ـ دانەوەی ڕاپۆرتی ساڵانە بە دەستەی بەڕێوەبەری.

 

خاڵی سێیەم؛

 لقەکان؛

لقەکانی ناوەندی نووسەران، لە لایەن دەستەی بەڕێوەبەرییەوە هەڵدەبژێردرێن.

 

ئەرکەکانی لقەکانی ناوەند؛

ـ هاوئاهەنگی و ڕێکخستنی مەڵبەندەکانی کار و تێکۆشانی ناوەندی نووسەران.

ـ هاوئاهەنگی لەگەڵ پێکهاتەکانی دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەنددا.

ـ دیاریکردنی چوارچێوەیەکی ڕێکخستنی لقەکان بە پێی هەلومەرج و هاوئاهەنگی لەگەڵ دەستەی بەڕێوەبەری.

ـ دانەوەی راپۆرتی ڕێکخراوەیی ساڵانە بە دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەند.

 

خاڵی چوارەم؛  

بەشی ڕێکخستنی ناوەند؛

بەشی رێکخستنی ناوەند بریتین لە: لیژنەی ئیداری و ئارشیڤ، لیژنەی ماڵی، لیژنەی پێوەندییەکان و لیژنەی ڕاگەیاندن.

 

لیژنەی ئیداری و ئارشیڤ؛

لیژنەی ئیداری و ئارشیڤ بریتییە لە یەک تا سێ کەس لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری و ئەندامانی ناوەند کە لە لایەن بەرپرسی لیژنە و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەستەی بەڕێوەبەریی هەڵدەبژێردرێت.

 

ئەرکەکانی لیژنەی ئیداری و ئارشێڤ؛

ـ دانانی سیستمێکی ئیداریی بەڕۆژ و ڕێکوپێک بۆ کاروبارەکانی ناوەند.

- ڕێکخستنی ئەرشیڤێکی سەردەمیانە و ڕێکوپێک بۆ ناوەندی نووسەران.

- دروستکردنی مۆر و ئارمی ناوەند.

- دەرکردنی کارتی پێناس بۆ ئەندامانی ناوەند.

- نووسینی ھەموو نامەیەکی فەرمیی ناوەند و گەیاندنی لە ڕێگای بەشی پێوەندیدارەوە بە شوێنی دیاریکراو.

ـ وەرگرتنی کۆپیی کار و چالاکییەکانی دەستەی بەڕێوەبەریی بەهەموو پێکهاتەکانییەوە.

- دانەوەی ڕاپۆرتی ساڵانەی کاری بە دەستەی بەڕێوەبەری.

 

 

 لیژنەی ماڵی؛

لیژنەی ماڵی بریتییە لە دوو کەس کە یەکیان بەرپرسی ناوەند و ئەوی دیکەیان بەڕێوەبەری لیژنەی ماڵییە.

 

 

ئەرکەکانی لیژنەی ماڵی؛

- دیاریکردنی هاوکاری لیژنەی ماڵی لە لقەکانی ناوەنددا.

ـ دانانی بەرنامەیەکی ساڵانەی ماڵی بۆ کار و ئەرکەکانی ناوەند.

- کردنەوەی حیسابێکی بانکی و چاودێریکردنی.

- کونترۆڵی داھات و خەرجیی ناوەند.

- دانەوەی ڕاپۆرتی ساڵانەی ماڵی بە دەستەی بەڕێوەبەری

 

سەرچاوەکانی داهاتی ناوەند؛ 

 - ئابوونەی ساڵانەی ئەندامان.

- داھاتی فرۆشتنی بەرھەمە فەرھەنگییەکان و چالاکیی ماڵی ناوەند.

- یارمەتی و هاوکاری لەلایەن ڕێکخراو و کەسایەتییە فەرھەنگییەکانەوە.

ـ لیژنەی ماڵی و بەرپرسی لقەکانی ناوەند رێژەی ئابوونەی ئەندامانی ناوەند دیاری دەکەن.

 

تێبینیی یەکەم؛ یارمەتی و هاوکاریی ڕێکخراو و کەسایەتییەکان بە مەرجێک قەبووڵ دەکرێت کە سەربەخۆیی بڕیاردان و پێگەی ناوەند نەچێتە ژێر پرسیارەوە.

 

لیژنەی پێوەندییەکان؛  

 لیژنەی پێوەندییەکان بریتییە لە ٣ تا ٥ ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کە کاروباری پێوەندییەکانی ناوخۆ و دەرەوەی ناوەندی نووسەران بەڕێوە دەبەن.

 

ئەرکەکانی لیژنەی پێوەندییەکان؛

- هەڵبەستنی پردی پێوەندیی نێوان ناوخۆ و دەرەوەی وڵات.

- ڕێکخستنی پێوەندی لە نێوان ناوەندی نووسەران و ڕێکخراوە فەرھەنگییەکانی کوردستان و دەرەوەی وڵات.

- دانانی نوێنەرایەتیی ناوەند لە ناوخۆ، باشووری کوردستان و دەرەوەی وڵات.

ـ دانەوەی ڕاپۆرتی ساڵانە بە دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەند.

 

تێبینیی یەکەم؛ بە پێی هەلومەرجی پێوەندییەکانی ناوەند، بەرپرسانی لیژنەی پێوەندییەکانی رۆژهەڵات، باشوور و دەرەوەی وڵات بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەرپرسی گشتی و لیژنەی ئیداری کارەکانیان ڕادەپەڕێنن.

 

لیژنەی ڕاگەیاندن؛

لیژنەی ڕاگەیاندن، بریتییە لە سێ تا پێنج کەس، ئەندامێکی دەستەی بەڕێوەبەری و هاوکارەکانی، کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەند هەڵدەبژێردرێن.

 

ئەرکەکانی ڕاگەیاندن؛

ـ بڵاوکردنەوەی بەرهەم و چالاکییەکانی ناوەندی نووسەران لە ڕێگەی کاناڵەکانی پێوەندی وەک: ماڵپەڕ و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە.

- بەڕێوەبردنی ڕێورەسم و کۆبوونەوە فەرمییەکانی ناوەند بە شێوەی ڕاستەوخۆ، یان ئانلاین.

- بڵاوکردنەوەی بەیاننامە و ئاگادارییەکانی ناوەندی نووسەران بە هاوکاری و ڕاوێژ لەگەڵ دەستەی بەڕێوەبەری.

ـ ھەوڵدان بۆ چاپی بڵاوکراوەیەکی ناوەندی نووسەران بە هاوکاریی لەگەڵ بەشی چاپ و بڵاوکردنەوە.

ـ ھەوڵدان بۆ چاپی بەرھەمی ئەدەبیی نووسەران، بە تایبەتی ئەندامانی ناوەند، بە هاوکاریی بەشی چاپ و بڵاوکردنەوەی ناوەند.

ـ هەوڵدان بۆ ڕێکخستنی کۆڕ و سێمینار لە بوارە فەرهەنگییەکانی ناوەنددا و بە هاوکاریی بەشی چاپ و بڵاوکردنەوە.

- دانەوەی ڕاپۆرتی ساڵانەی لیژنەی راگەیاندن بە دەستەی بەڕێوەبەری.

 

خاڵی پێنجەم؛

 

 بەشی چاپ و بڵاوکردنەوە؛

بەشی چاپ و بڵاوکردنەوە بریتییە لە لیژنەی ئەدەبیات، لیژنەی توێژینەوە، لیژنەی زمان، لیژنەی ئەدەب و مێژووی زارەکی، لیژنەی هونەر و لیژنەی منداڵان.

 

لیژنەی ئەدەبیات؛

لیژنەی ئەدەبیات بریتین لە سێ تا پێنج کەس، کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەند هەڵدەبژێردرێن.

 

ئەرکەکانی لیژنەی ئەدەبیات؛

ـ گرینگیدان بە هەموو ژانرەکانی پانتایی ئەدەبیات و لقە پێوەندیدارەکانی.

ـ ناساندنی بەرهەمی ئەدیبان و گرینگیدان بە وێژمانی کوردی لە کوردستاندا.

ـ گرینگیدان بە راسپاردەکانی لیژنەی زمانی ناوەندی نووسەران.

ـ رێکخستنی کۆبوونەوە، کۆڕ و سێمیناری پێوەندیدار بە ئەدەبیات.

 

لیژنەی توێژینەوە؛

لیژنەی توێژینەوە، بریتین لە سێ تا پێنج کەس، کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەند هەڵدەبژێردرێن.

 

ئەرکەکانی لیژنەی توێژینەوە؛

ـ گرینگیدان بە توێژینەوەی مەیدانی و تیۆریک لە هەموو بوارەکانی زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا.

ـ ناساندنی توێژەران و پسپۆڕانی بوارە جیاجیاکانی توێژینەوە و هزر لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات.

ـ گرینگیدان بە ڕاسپاردەکانی لیژنەی زمانی ناوەندی نووسەران.

ـ ڕێکخستنی کۆبوونەوە، کۆڕ سێمیناری پێوەندیدار بە توێژینەوە لە بوارە جیاجیاکاندا.

 

لیژنەی زمان؛

 لیژنەی  زمان، بریتییە لە سێ تا پێنج کەس،  کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەند هەڵدەبژێردرێن.

 

ئەرکەکانی لیژنەی زمان؛

 ـ گرینگیدان بە زمانی کوردی لە هەموو ئاستەکانی زماندا، "فۆنۆلۆژی، مۆرفۆلۆژی، سینتاکس، پراگماتیزم و واتاناسی"، پەرەسەندنی زمان و توێژینەوەی زمانناسانە.

ـ گرینگیدان بە زاراوەکانی کوردی وەک سەرچاوەی پلۆرالیزمی فەرهەنگی و دێمۆکراسی لە ئایندەی کوردستاندا.

ـ گرینگیدان بە ئاستەکانی زمان و لە بەرچاوگرتنی ڕێنووسێکی یەکدەست، خاڵبەندی و ڕێوشوێنی نووسینی ژێدەر لە چاپ و بڵاوکراوەکانی ناوەندی نووسەراندا.

ـ ڕێکخستنی کۆبوونەوە، کۆڕ و سێمیناری پێوەندیدار بە زمانەوە.

 

 

لیژنەی ئەدەب و مێژووی زارەکی؛ 

لیژنەی ئەدەب و مێژووی زارەکی، بریتییە لە سێ تا پێنج کەس، کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەند هەڵدەبژێردرێن.

 

ئەرکەکانی لیژنەی ئەدەب و مێژووی زارەکی؛

- کۆکردنەوە،  پاراستن و توێژینەوەی مەیدانی لە بواری ئەدەبی زارەکی و بەڵگە و دەستنووسەکانەوە. 

- دانانی پلان و بەرنامەی ئەرشێڤکردن و ساغکردنەوەی بەڵگەی کۆن و لەمێژینە. 

- پێوەندیگرتن لەگەڵ نووسەران و ناوەندەکانی بواری ئەدەب و مێژووی زارەکی لە ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

ـ گرینگیدان بە پاشخانی ئەدەب و فەرهەنگی زاراوەکان و ناوچە جیاجاکانی کوردستان.

ـ ڕێکخستنی کۆڕ، سێمینار، پیشانگە لە بواری ئەدەب و مێژووی زارەکیدا.

 

 

لیژنەی هونەر؛

لیژنەی هونەر، بریتین لە سێ تا پێنج کەس، ئەندامێکی دەستەی بەڕێوەبەری و هاوکارەکانی، کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەند هەڵدەبژێردرێن.

 

تێبینیی یەکەم؛ لە ڕوانگەی ناوەندی نووسەرانەوە، هونەر بەشێکە لە گەیاندن و پێوەندی کە لە ڕێگای ئەدەبیاتی نمایشی، وێنە و فیلم، دیزاین و نیگارکێشی، پەیکەر و دنیای دیجیتاڵ، زمانی جەستە و مۆسیقاوە  بۆ وەرگر دەگوازرێتەوە.

 

ئەرکەکانی لیژنەی هونەر؛

ـ گرینگیدان بە هەموو لقەکانی هونەر لە دنیای هاوچەرخ و بایەخدان بە هونەری کوردی.

ـ گرینگیدان بە ڕێکخستنی تواناکانی هونەرمەندانی کورد لە هەموو ئاستەکان و پشتگیری لە بەرهەمەکانیان.

- هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی بەرهەمی هونەرمەندان لە ڕێگەی کاناڵەکانی ڕاگەیاندنی ناوەندەوە.

 ـ رێکخستنی کۆڕ، سێمینار و پیشانگە لە بوارەکانی هونەردا.

 

لیژنەی منداڵان؛

لیژنەی منداڵان، بریتین لە سێ تا پێنج کەس، ئەندامێکی دەستەی بەڕێوەبەری و هاوکارەکانی، کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەستەی بەڕێوەبەریی هەڵدەبژێردرێن.

 

ئەرکەکانی لیژنەی منداڵان؛

- هەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی و ڕێکخستنی تواناکانی نووسەرانی بوارە جیاجیاکانی ئەدەبی منداڵان.

ـ پەروەردەی توانا سەرەتاییەکانی منداڵ، هەروەها گرینگیدان بە تواناییەکانی منداڵ لە بواری بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و بەکارهێنانی دنیای دیجیتاڵ.

ـ هەوڵدان بۆ پەروەردەی منداڵ لە پێناو ئەزموونکردنی ئەدەبیات و هونەردا، هەروەها پشتیوانیکردن لە "مافی دەربڕێنی منداڵ".

ـ ناسین و ناساندنی بەرهەمە ئەدەبییەکانی دنیای منداڵان و گەشەپێدان بە بەرهەمەکانی دەنگ و ڕەنگ بۆ منداڵ، لە پێناو منداڵ و لە لایەن منداڵەوە. 

ـ بەهادان بە بایەخەکانی تەندروستیی کۆمەڵ، کارامەیی لە ژیان و بەرزکردنەوەی ئەخلاقی دێمۆکراتیک، و هەروەها بەرگری لە تێکشکانی کەسایەتی منداڵ لە رووی فیزیکی و دەروونییەوە.

 

§ بەندی پێنجەم؛

خاڵی یەکەم؛ ئەندامێتی لە ناوەند و چۆنیەتیی وەرگرتنی ئەندام؛

 ئەندامی ناوەندی نووسەرانی کوردستان بریتین لە هەموو نووسەران و هونەرمەندانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە ، ئەم مەرجانەی خوارەوەی تێدا بێت:

 

مەرجەکانی ئەندامێتی؛

- کتێبێکی چاپکراو، یان ئامادەی چاپی لە یەکێک لە بوارەیلی فەرھەنگی، ئەدەبی، ھونەری، کۆمەڵایەتی، ڕامیاری و... تاددا ھەبێت کە بە کوردی نووسیبێتی، یان وەریگێڕابێتەوە سەر زمانی کوردی.

- یان لانیکەم ١٠ وتاری لە بواری پسپۆڕیی خۆیدا لە بڵاوکراوە کوردییەکاندا بڵاو کردبێتەوە.

ـ بەرهەمێکی پرۆفیشناڵی هونەریی لە بوارە هونەرییەکاندا بڵاو کردبێتەوە.

 

 

تێبینیی یەکەم؛ ناوەندی نووسەران، مافی ئەندامێتیی ئیفتخاری بەو نووسەر و ھونەرمەندانەی کە ناوەندی نووسەران بە مەکۆی کارو چالاکییە ئەدەبی و فەرهەنگی و هونەرییەکانی خۆیان دەزانن، دەبەخشێت.

 

خاڵی دووهەم؛ ئەرک و مافەکانی ئەندام؛

ـ لە کاناڵەکانی ڕاگەیاندنی ناوەنددا ئەندامێكی چالاک بێت. 

ـ پابەندی بەها ئەخلاقییەکانی داهێنان و پرینسیپە دێمۆکراتیکەکان بێت و پارێزەری ناسنامەی کەسێتی و نهێنییە ئۆرگانییەکانی ناوەند و ئەندامانی ناوەند بێت.

ـ ئابوونەی ساڵانەی ئەندامێتیی ناوەندی نووسەران بدات.

ـ ئەندامان، لە لایەن ناوەندەوە بە پێی پرینسیپەکان، پشتیوانیی مرۆیی، ڕێکخراوەیی و چاپ و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانیان لێ دەکرێت.

 

§ بەندی شەشەم؛

پێڕەوی ناوخۆی ناوەندی نووسەرانی کوردستان، بریتییە لە پێشەکییەک و شەش بەند، بیست خاڵ و حەوت تێبینی، کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە لایەن کۆنفرانسی سێیەمی ناوەندی نووسەرانەوە و، لە رێکەوتی ٢٥ ـ ٢٦ی بانەمەڕی ٢٧٢١ی کوردی بەرانبەر بە ١٥ ـ ١٦ی مانگی مەی ٢٠٢١ی زایینی، لە لایەن ئەندامانی کۆنفرانس و لیژنەی ڕاسپێردراو بۆ پێداچوونەوە، پەسند کراوە.

 

 

***

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر