۱۴۰۱ شهریور ۱۲, شنبه

ڕێنماییەکانی ناردنی بابەت و کارکردن لەگەڵ ڕاگەیاندنی ناوەندی نووسەرانی کوردستان

وەرزێکی نوێی چالاکییەکانی ڕاگەیاندنی ناوەندی نووسەران


 

خوێنەرانی بەڕێز ئەم کاتەتان باش!

 سپاس بۆ ئەوەی کە بەردەوام لەگەڵ کاناڵی ناوەندی نووسەراندا ماونەتەوە و، سەبر و تاقەتی خوێندنەوەی بەرهەمەکانی نووسەرانتان هەیە. لەم ماوەیەدا کۆمەڵێک گۆڕانکاریی لە کارەکانی بەشی ڕاگەیاندنی ناوەندی نووسەراندا کراوە کە، بووە هۆی ئەوەی کە تیمێکی نوێ بۆ کارەکانی ڕاگەیاندن دیاری بکرێ. هەروەها ڕێوشوێنی نوێ بۆ بڵاوکردنەوەی بابەت، دەقی ئەدەبی و هونەری، ڕاپۆرتی چالاکیی نووسەران و ناوەندە فەرهەنگییەکان و بەگشتی بابەتی سەرنجڕاکێش کە پێوەندیی بە دنیای نووسین و وێژمانی ئەدەبیاتی کوردییەوە هەیە، بڵاو بکەینەوە. لەگەڵ ئەوەی کە کاناڵی ناوەندی نووسەران، ناوەندێکی هەواڵدەری نیە؛ چالاکییەکانی زیاتر پێوەندیی بە باروودۆخی نووسین، نووسەران و چاپ و بڵاوکردنەوە هەیە. بۆیە هەوڵ دەدەین، خۆمان لەگەڵ تێکنۆلۆژیی و پلاتفۆرمە نوێیەکانی بڵاوکردنەوەی زانیاریی بەڕۆژ بکەینەوە و ڕێوشوێنی تازەتر بۆ کارەکانمان دیاری بکەین. هاوکات ناوەندی نووسەران پێشوازیی دەکات لە دەق و بەرهەمی ئەدەبی و هونەریی و لە داهاتوودا وەک کتێبی ساڵی ئەدەبی هەوڵ دەدرێ چاپ و بڵاو بکردرێتەوە.

 

لە یەکەم کۆبوونەوەی دەستەی کاری ڕاگەیاندنی ناوەند، ئەم خاڵانەمان وەک بنەمای کاری نوێی ڕاگەیاندن دیاریکرد و لەبەرچاوی دەگرین.

لەم کاتەدا و بە پێی بارودۆخی تایبەت، ناوەندی نووسەران لەم چوار پلاتفۆرمەدا چالاکیی هەیە:

 

یەکەم؛ تلێگرام: کاناڵی ناوەندی نووسەرانی کوردستان

                         کاناڵی منداڵانی کوردستان

دووهەم؛ فەیسبووک 

سێهەم؛ ئینستاگرام، 

چوارەم؛ بلاگر

پێنجەم تویتەر 

 

ڕێنماییەکانی وەرگرتنی بابەتەکان بەم شێوەی خوارەوە دەبێت:

ـ شێوازی ناساندنی کتێب ئەم تایبەتمەندییانەی پێویستە: ناوی کتێب، ناوی نووسەر، شوێنی و ساڵی بڵاوکردنەوە، وێنەیەکی ڕووبەرگ، گرووپی بەردەنگی کتێب (بۆ کێ نووسراوە)، کورتەیەکی دوو یان چەند پاراگرفی ناوەرۆکی کتێب، چۆن و لە کوێ دەسئەکەوێ.

ناوەند داوا دەکات نووسەر ئەگەر دەرفەتی هەیە، لە ٣ خولەک ڤیدیۆ یان هەتا هەزار وشە لە بارەی کتێبەکەیەوە بنووسێت و بینێرێت بۆ بەشی ناساندنی کتێب.

ـ ناوەندی نووسەران مافی هەڵەچنی و ویراستاریی بابەتەکانی هەیە.

ـ ناوەندی نووسەران لە وتاری خوێندنەوەی کتێبی نووسەرانی کورد و جیهانی بۆ دەوڵەمەند بوونی هزر و ڕامانی نووسەران، پێشوازیی دەکات.

 

ڕاپۆرتی چالاکیی نووسەران و ناوەندە فەرهەنگییەکان:

ـ ناوەندی نووسەران لە ڕاپۆرتی چالاکیی نووسەران و ناوەندە فەرهەنگییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەشەکانی دیکەی کوردستان، دەرەوەی وڵات و هەروەها ناوەندە فەرهەنگییەکانی جیهانیش، پێشوازیی دەکات.

ـ ناوەندی نووسەران مافی هەڵەچنی و ویراستاریی بابەتەکانی هەیە.

 

دەقی ئەدەبی و هونەری:

ـ ناوەندی نووسەران لە هەموو ژانرەکانی دەقی ئەدەبی و هونەری پێشوازی دەکات. [بۆ زۆر و کەمی دەقەکان، سەیری ڕێنوێنییەکانی وتاری ڕۆژانە و زانستی بکەن].

ـ ناوەندی نووسەران ڕۆژانەی پێنج شەممە، بە ناوی "پێنج‌شەممانەی شێعر" دیاری کردوە. ئەم ڕۆژە هەم لایەنی ستاتیکا و دەربڕینی شێعری لەگەڵدایە و هەمیش فەزایەکی شێعری بۆ خوێنەران ئامادە دەکات. بەرهەمەکانی ئەم ڕۆژە، وەک کتێبی ساڵی شێعر چاپ و بڵاو دەکرێتەوە.

ـ تێبینی: شاعیران دەتوانن دەقە تازەکانی خۆیان بە دەنگ یان بە فیلم بنێرن بۆمان. [بەڵام دەقی نووسراویش بنێرن بۆ ئەوەی کە لە ئارشیڤی ناوەنددا بۆ کتێبی ساڵ هەبێت].

 

وتاری ڕۆژانە و زانستی:

ـ ناوەندی نووسەران لە وتاری هزری، ئەدەبی و هونەریی پێشوازیی دەکات.

ـ ئەو وتارانەی کە لە ٤ لاپەڕەی تایپکراو A4 بە فۆنتی ١٤ زیاتر بێت، لە شێوەی پی دی اف بڵاو دەبێتەوە. [واتە ئارمی ناوەند، تایتڵی بابەت، ڕێکەوت و ناوەرۆک پێکەوە لە فایلێکدا بڵاو دەبنەوە].

ـ ئەو وتارانەی کە لە ١٠ لاپەڕەی تایپکراو A4 بە فۆنتی ١٤ زیاتر بێت، بە فۆرمی تایبەتی نامیلکەی ناوەند بڵاو دەکرێتەوە. ناوەند ئیزن لە نووسەر وەردەگرێ کە بتوانێ لە داهاتوودا لە چوارچێوەی کتێبی وتاری ساڵدا بڵاو بکرێتەوە.

ـ ناوەندی نووسەران لە وتاری زانستی بە ڕێوشوێنی زانستی باو کە دواتر ڕێنماییەکان بڵاودەکەینەوە، پێشوازیی دەکات. [وتارە زانستییەکان بە پێی دابەشکاریی بابەتەکان، وەک کتێبی ساڵ ئامادە دەکرێت].

 

ـ تێبینی: بە پێی بەرنامە و پێڕەوی ناوەند، زاراوەکانی کوردی سەرچاوەیەکی گەورەی ئەدەبیات و هونەری کوردستانن. بۆیە، ناوەند لە ئەدەبیاتی زاراوەکانیش پێشوازیی دەکات.

ـ تێبینی: ناوەندی نووسەران هەوڵ دەدات ئاگاداری ڕێنوێنییەکانی ئاکادێمیای کوردی و ئەو ناوەندە زمانەوانییانەی کوردستان بێت بۆ ئەوەی لە هەڵەچنی و ویراستاریی بابەتەکانیدا، وشیارانەتر و بەرپرسیارانەتر بێت و هەروەها نووسەران لە گۆڕانکارییەکان ئاگادار بکاتەوە.

 

گۆڤاری نووسەران

ـ گۆڤاری نووسەران هێشتا کاری تەواوی لەسەر نەکراوە. بەڵام بە پێی بارودۆخی ئێستامان، بیرمان لێ کردۆتەوە. ئەگەر نووسەران پێشنیاری تازەیان لەو بارەوە هەیە، پێشوازیی لێ دەکەین.

 

پێوەندیی لەگەڵ نووسەران و ناوەندە فەرهەنگییەکانی کوردستاندا:

ـ ناوەند لە تازەکردنەوەی پێوەندیی لەگەڵ نووسەران، ناوەندە فەرهەنگییەکانی کوردستان لە ڕۆژهەڵات، بەشەکانی کوردستان و دەرەوەی وڵاتیش پێشوازیی دەکات.

ـ ناوەند هەروەها لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، چالاکانی مافی مرۆڤ و ناوەندەکانی فەرهەنگی داوای هاوکاری و پێوەندیی دەکات بۆ ئەوەی کە لە نزیکەوە ئاگاداری بارودۆخی نووسەران و چاپ و بڵاوکردنەوە و هەروەها بارودۆخی فەرهەنگی، هونەری و کۆمەڵایەتی بێت و ڕاپۆرتی وەرزانە لەو بارەوە بڵاو بکاتەوە.

 

پرۆژەی نووسین و چالاکیی لە ناوەندی نووسەراندا:

 

ـ ناوەندی نووسەران لە هەوڵدایە کۆمەڵێک چالاکیی بخاتە ڕیزبەندی تەقویمی کاریی وەرزانە و ساڵانەی خۆیەوە کە پێی توانا، خوێنەران و نووسەران لەو بارەوە ئاگادار دەکەینەوە.

 

پرینسیپەکانی کاری ڕاگەیاندنی ناوەند و هاوکاریی لەگەڵ نووسەران و ڕیکخراوەکان:

ـ دیالۆگی ڕەخنەگرانە

ـ ڕاستگۆیی و متمانە

ـ پارێزراویی و ڕیزگرتن

ـ هاوبەشی و جیاوازی

ـ بەها ئەخلاقییەکانی داهێنان

ـ ڕێز لە یەکسانیی کۆمەڵایەتی

ـ ڕێز لە کۆمەڵ، کولتوور و نەتەوەی جیاواز لە کوردستان و دەرەوەی کوردستاندا

ـ ڕێز لە سرووشت و ژینگەی کوردستان لە سەر بنەمای پەرەسەندنی بەردەوام و سەقامگیر

 ـ  پاراستنی کەرامەت و مافەکانی مرۆڤ و پشتگیری لە نووسەری کورد.

ـ ناوەندی نووسەران بە هیچ شێوەیەک ڕێگا بە لەکەدارکردنی کولتوور، نەتەوە، کەسایەتی، ئایین و ڕەگەزی خەڵکی دیکە نادات.

 

داوای هاوکاریی و پشتیوانی لە نووسەران و خوێنەران

 

ـ ناوەندی نووسەران، دەستی هاوکاریی بۆ هەموو نووسەران و دڵسۆزانی ناوەند درێژ دەکات کە لە درێژەدان بە چالاکییەکانی ناوەند هاوکار و هاوڕێ بن. نووسین و دنیای نووسین لە پراکتیکدا ئەرکی هەیە و بنەمایەکە کە بە کاری هەرەوەزی و بەکۆمەڵ دەکرێت. ئەرکێکی نیشتمانییە کە بتوانین ئەزموونێک بۆ کۆمەڵگای فەرهەنگی کوردستان کۆبکەینەوە و نیشتمانەکەمان لە باری هزر و ڕامانی کوردییەوە ئاوەدان بکەینەوە. کۆمەڵگای کوردستان پێویستی بە هیمەتی نووسەران هەیە کە خەونی داگیرکاریی لە زەینی نەوەکاندا بسڕێتەوە و فەزایەکی ئازاد و هێمن بۆ کۆمەڵ بڕەخسێنین و پشتیوانی وزە و تواناکانی کوردبوون بین.

 

 

لەگەڵ ڕێز

ڕاگەیاندنی ناوەندی نووسەرانی کوردستان

هەینی ٣ی سێپتەمبری ٢٠٢٢ی زایینی

 

 


۱۴۰۱ اردیبهشت ۱۶, جمعه

ناوەندی نووسەرانی کوردستان

خوێنەرانی بەڕێز ئەم کاتەتان باش! 

⏪ بە هۆکاری تایبەتییەوە، ماڵپەڕی فەرمیی ناوەندی نووسەرانی کوردستان ڕاگیراوە کە هیوادارین لە داهاتوویەکی نزیکدا، بەڕۆژی بکەینەوە و خوێنەران سوودی لێ ببینن. 

ئەم وێبلاگە تەنیا بۆ زانیاریی، پێوەندیی و ئاگاداریی لە کاروباری ناوەندی نووسەران درووست کراوە کە خوێنەران بتوانن لە چالاکی و ئەرکەکانی ناوەندی نووسەران ئاگادار بن. 

👈 لەم وێبلاگەدا ئەم بابەتانە دەست دەکەوێت: 

        📞 کاروباری ئیداریی و ڕێکخراوەیی 

        😐  چۆنیەتی ئەندامەتی

        👮 پشتگیریی لە نووسەران

        📙 بەرنامەوپێڕەوی ناوەند

         📢 بەڵگەنامە، بەیاننامە و هەڵوێستەکانی ناوەندی نووسەران

        📁  بەرهەمە چاپکراوەکانی ناوەند

            📧   پێوەندی لەگەڵ ناوەند